شاعیر: مستەفا بەگی کوردی
کتێب: دیوانی کوردی
سەرناو: عەزیزم باعیسی عەیش و نیشاتم

عەزیزم! باعیسی عەیش و نیشاتم! 
گوڵم! سەرمایەکەی ژین و حەیاتم! 

دەزانی خۆ ئەمن سەودازەدەی تۆم؟ 
نەچیری ئاهوویی چاوی سیاتم؟ 

هەمیشە من لە کونجی دەرد و غەمدا
ئەسیری شەرت و مەحبووسی وەفاتم

بە ساڵی جارێ قوربانی دەکەن حاج
ئەمن هەر دەم بە قوربانی وەفاتم

بە جاڕووبی موژەی چاوم هەمیشە
خەریکی مشت و ماڵی خاکی ڕاتم

لە شەوق و زەوقی عالەم بوومە فارغ
کە هەم زانوویی هیجرانی و بەڵاتم

لە بەرچی وا لە من ئازوردە بووی تۆ؟ 
نییە ڕەحمت بە حاڵم لێو نەباتم

ئەگەر کردوومە تەقسیر و گوناهێ
هەزاران تۆبە بێ تا ڕۆی مەماتم

بە مەرگی تۆ وەها خەستە و زەبوونم
نەماوە زەڕڕەیێ سەبر و سوباتم